ڕۆژوو باشترین هۆکارە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری و ڕاستکردنەوەی سلووک و کردارەکان، وەک بەخششێکی خودایی و قوتابخانەیەکی گەورەی ڕاهێنان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی بونیادی کەسی و بەرزکردنەوەی لایەنی ئیمانی و ڕۆحی ئامانجگەلێکی گەورەی لەخۆ گرتووە، خوای گەورە دەفەرموێ: «يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آَمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِنْ قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ» (به‌قه‌ڕه‌:١٨٣) واتە: ئه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى باوه‌ڕتان هێناوه‌ ڕۆژووى ڕه‌مه‌زان له‌سه‌رتان پێويست كراوه‌ هه‌ر وه‌كو له‌سه‌ر گه‌لانى پێش ئێوه‌ پێويست كرابوو، بۆئه‌وه‌ى خواناسى‏ و پارێزكارى بكه‌ن.

پارێزکاری- تەقوا- هێزێکی ڕۆحی و ئیمانی نادیارە لە ئەنجامی نیەتپاکی و دڵسۆزی و پابەندیی بەندە بە پەرستشەکانەوە وەدەست دێت، کە ئامانجی هەرە گەورەی ڕۆژوو گەیشتنە بەم مەرتەبە ئیمانییە، بۆ ئەوەی مرۆڤ بگەیەنێتە ترۆپکی لەززەتی ئیمانی و ڕەچاوکردنی سنوورەکانی حەڵاڵی و حەڕامی و سوودبەخشی بۆ خۆیی و دەورووبەری، چونکە ئامانج لە خواپەرستی چاک بوون و وازهێنانە لە تاوان و هەڵسوکەوتی خراپ، هەروەک یەکێ لە ئامانجی نوێژ و حەج و زەکات بریتییە لە پاکبوونەوە و دووربوون لە خراپە و کاری ناشیاو.

ئایینی پیرۆزی ئیسلام هەمیشە مرۆڤ بەرەو باشی ئاراستە دەکات، ئەگەر باش بوو باشتر بێت، ئەگەریش خراپ بوو وازی لێ بێنێت و بەرەو چاکە هەنگاو بنێت، لەو سۆنگەوە مەبەستیەتی ڕۆژووەوان بە ناوەڕۆک و هەقیقەت و ڕۆح بەڕۆژوو بێت، نەک تەنها بەناو یان بۆ ڕووبینی دونیایی، چونکە ڕۆژوو زیاتر خواپەرستییەکی ڕۆحییە نەک ڕووکەشی!

ئەگەر وردتر سەیری مەدرەسەی ڕۆژوو لەناو مانگی ڕەمەزان بکەین، دەبینین ڕۆژوو سێ پلەی هەیە:

یەکەم: ڕۆژووی گشتی؛ بریتییە لەو ڕۆژووەی مرۆڤ خۆی دەگرێتەوە لە خواردن و خواردنەوە، کە بە گشتی خەڵکی لە مانگی ڕەمەزان پێویستە خۆیان بگرنەوە لە خورادن و خورادنەوە، بەڵام مەبەست تەنها خۆبرسیکردن و تێنووکردن نیە، بەڵکو بۆ ئەوەیە بتوانین لە ئەنجامی خۆگرتنەوە لە خواردن و خورادنەوە و هەموو ئەو شتانەی ڕۆژوو بەتاڵ دەکەنەوە، دواجار پەیامێک وەربگرین خۆمان بگرینەوە لەهەموو خراپە و تاوانێک کە زیان بە خۆمان و دەورووبەر دەگەیەنێت.

دووەم: بەڕۆژووبوونی تایبەت؛ واتە بەڕۆژووبوونی هەموو ئەندامەکانی جەستە لەهەر تاوانێک ببێتە مایەی گرانکردنی باری تاوان و ئازاردانی ئەوانی دیکە، چۆن دەومان دەگرین لە خواردن و خواردنەوە، ئاواش دەست و چاو و گوێ و پێ و هەست و نەست و تەواوی ئەندامەکان بەڕۆژوو بن و نەبنە مایەی ئەنجامدانی خراپە و تاوان.

سێیەم: ڕۆژووی هەرە تایبەت؛ واتە بەڕۆژووبوونی ڕۆح و دڵ و پاکبوونەوەی ناخ لەهەموو دەردە دەروونییەکانی وەک: ڕق و کینە و ئیرەیی و ئەنانییەت و دووڕوویی و نەمیمی و فەسادی و تێکدان و بڵاوکردنەوەی گوتاری ڕقەکاری و پشێوی...هتد. کە ئامانجی خوای گەورە لە فەڕزکردنی ڕۆژووی مانگی ڕەمەزان؛ ئەو مەرتەبە گەورە ڕۆحیە ئیمانییەیە کە مرۆڤ دەگەیەنێتە پلەی بەرزی ئینسانییەت.

ئەگەر توانیمان بەو ئاراستەیە سوود لە مانگی ڕەمەزان وەربگرین، دەتوانین ئەو هێز و وزە و ورە و تێکۆشانەش بەدەست بێنین، کە بەهۆیەوە مرۆڤ ئاسانتر دەتوانێ بەسەر نەفس و ئارەزووەکانی زاڵ بێت و خۆی لەسەر چاکە و دووربوون لە خراپە ڕابهێنێت، چونکە هەر کەس خۆی دەناسێ و دەزانێ باری دەروونی چۆنە و لە چ ئاستێک دایە، وەک خوای گەورە دەفەرموێ: «بَلِ الْإِنْسَانُ عَلَى نَفْسِهِ بَصِيرَةٌ» (قیامه‌:١٤) واتە: به‌ڵكوو ئينسان خۆى شايه‌ته‌ به‌سه‌ر خۆيه‌وه‌ (ئه‌ندامه‌كان شايه‌تن به‌سه‌ريه‌وه‌).

ڕۆژوو ئەو قوتابخانەیە فێری خۆگری و خۆڕاگری ئارامگری و دڵپاکی و دەستپاکی و زمانپاکی و مرۆڤدۆستی و ڕەوشتبەرزی و بیرکردنەوەی ئەرێنی و ئاسوودەیی و میانڕەوی و ئاشتیخوازی و تاکێکی گونجاو و کردەوەی چاکمان دەکات، لەوەشدا هێز و ئیرادەی زاڵبوون بەسەر نەفس و ماددە و دونیاگەرایی لە ناخی مرۆڤ بەرهەم دێنێت بە شێوەیەک بتوانێ هاوسەنگی لە ژیان ڕابگرێت، چونکە هێزی مرۆڤ لە ماددە و دەستەڵات و تافی لاوێتی و هێزی جەستە و پشت و پەنا نیە، بەڵکوو لە خۆگرتنەوە و زاڵبوونە بەسەر نەفس و لادانە دەروونی و حەزە شەیتانی و هەڵچوونەکان، وەک پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: «لَيْسَ الشَّدِيدُ بِالصُّرَعَةِ، إِنَّمَا الشَّدِيدُ الَّذِي يَمْلِكُ نَفْسَهُ عِنْدَ الغَضَبِ» (رواه البخاری).

ڕۆژوو فێری تێکۆشان و هەوڵ و هیممەتبەرزی و هەڵنان و پاڵفتەی دەروونمان دەکات، بە ئەندازەی ئیخلاس و خۆڕاهێنان و سوودوەرگرتن و تێگەیشتنمان لە مانا و حیکمەتەکانی مانگی ڕەمەزان، دەتوانین لایەنی دەروونیمان ڕێکخەینەوە و ڕێڕەوی گونجاوی بۆ بدۆزینەوە و لە چوارچێوەی ئەو سنوور و ڕێسایانەی خوای گەورە لێمانی دەوێت ئاراستەی بکەین، کە ئەمەش جیهاد و کۆششێکی یەکجار گەورە و ویستراو و مەبەستە، وەک پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: «الْمُجَاهِدُ مَنْ جَاهَدَ نفسه لله» (رواه ابن حبان).

ئەگەر نەتواندرا وەک مەبەستە سوود لە فەلسەفەی ڕۆژوو وەربگیرێت، یان مرۆڤ تەنها بە ڕووکەش و عادەتی و بێ ناوەڕۆک بەڕۆژوو بوو، ڕەنگە وەک پێویست کاریگەری و کاردانەوە لەسەر تاک و کۆمەڵگە دروست نەکات و زیاتر ببێتە مەوسمێکی زەمەنی و تێپەڕکردنی کات، لەسەر ئەمەش پێغەمبەر(دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێ: «مَنْ لَمْ يَدَعْ قَوْلَ الزُّورِ وَالعَمَلَ بِهِ، فَلَيْسَ لِلَّهِ حَاجَةٌ فِي أَنْ يَدَعَ طَعَامَهُ وَشَرَابَهُ» (رواه البخاري). یان دەفەرموێ: «رُبَّ صَائِمٍ لَيْسَ لَهُ مِنْ صِيَامِهِ إِلَّا الْجُوعُ وَرُبَّ قَائِمٍ لَيْسَ لَهُ مِنْ قِيَامِهِ إِلَّا السَّهَرُ« (رواه ابن ماجە).

کەواتە ڕۆژوو وێڕای ئەوەی دەرفەت و خولێکی ساڵانەی خواپەرستی گەورەیە، لەهەمان کات فاکتەری دووبارە داڕشتنەوەی هەڵسوکەوت و لایەنە ئیمانی و ڕەوشتی و دەروونییەکانە، کار لەسەر ڕۆح و ناخی مرۆڤ دەکا و گیانی مرۆڤ هاوسه‌نگ ده‌كاته‌وه ‌‌و ڕێگه‌ نادا حەز و ئارەزووەکان به‌ره‌و لاسه‌نگی‌ و هه‌ڵچوون و لادانى به‌رێت، ئیڕاده‌ی خێر له‌ناخیه‌وه‌ دروست ده‌كا ‌و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی به‌سه‌ر كردار و ڕه‌فتار و گوفتاری مرۆڤ دادێنێت‌، سۆز و به‌زه‌یی ‌و گیانی هاوكاری ‌و برایه‌تی بڵاو ده‌كاته‌وه‌، سه‌ره‌نجام ئه‌و هه‌نگاوه‌ خێره‌ به‌واتا گشتییه‌كه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ش به‌خێر ده‌گه‌ڕێته‌وه ‌و ئیراده‌ی شه‌ڕ و ده‌رهاوێشته‌كانی بەسەر جەستەی کۆمەڵگە کەم دەکاتەوە.

 

ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و بەرپرسی راگەیاندنی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کرودستان.